شۆفێری کردن لە کاتی باران باریندا وەک لە کاتەکانی تر ئەستەم ترەو پێویستی بە شارەزایی و هونەری زیاترە بۆ دەرباز بوون لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ بۆیە ئێمە لێرەدا شەش ڕێنمایی دەخەینە بەردیدی بەڕێزتان بۆئەوەی جێبەجێی بکەن و بەو هیوایەی بە دووربن لە ڕووداوەکانی هاتووچۆ.
١. بیرت بێت زۆرجار زۆرێک لە شۆفێرەکان بە بێ ئاگای شۆفێری دەکەن، وە کاتێک باران دەبارێت ناتوانن واز لە بیرکردنەوەکانیان بهێنن یان بیرکردنەوەکانیان بۆ ڕێک ناخرێت بۆیە کاتێک بارودۆخ گوونجاو نەبوو شۆفێرەکان پێویستە زۆر بەئاگابن بۆئەوەی ئامادەباش بن بۆ ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن لە چواردەوریان.
٢. پێویستە لایتەکانی ئۆتۆمبیلەکەت دابگیرسێنیت لەکاتی کەمبوونەوەی ئاستی بینین بەهۆی باران بارینەوە. هەروەها پێویستە فڵچەی جامەکانت کار بکەن و ئەگەر کێشەیەک هەبوو لە لاستیکەکەی یان ئامێرەکەدا بەزووترین کات بگۆڕدرێت.
٣. ئاگاداری خلیسکاندن بە، ئەمە ڕاستییەکە کە لەکاتی باران باریندا لێخشاندنی تایەکان لەگەڵ ئاودا زیاتر دەبێت وەک لە جادەکە، ئەمەش ئەبێتە هۆی خلیسکاندنی سوارڕەوەکە بەبێ ئەوەی بتوانی کۆنترۆڵی بکەیت، لە کەشی باران باریندا خلیسکان ئەگەری زۆرە ڕووبدات، بۆ ئەم حاڵەتە لە تەنها ٢٧ میللی لیتر باران و ڕۆشتن بە خێرایی ٦٠کلم لە کاتژمێرێکدا ڕوو دەدات، ئەگەر ئەم حاڵەتە ڕوویدا تەنها لەسەرخۆبە و ستێرنی (سوکان) ئۆتۆمبیلەکە بە تووندی بگرە و هێواش هێواش پێ بنێ بە پایدەری ستۆپدا تا دووبارە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبیلەکەت دەکەیتەوە.
٤. دیاریکردنی خێرایی (تحدید سرعة Cruise control) لەکاتی باران بارین و بەفردا بیکوژێنەرەوە چونکە دیاریکردنی خێرایی لەم کاتانەدا وا دەکات کە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبیلەکەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وابیر بکەیتەوە کە هاوکاریت دەکات و لەخێراییەکی دیاریکراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبیلەکەت بخلیسکێت و دیاریکردنی خێراییت کار پێکردبێت لەم کاتەدا ئۆتۆمبیلەکەت خێراتر دەبێت و ڕەنگە زیانەکان زۆر زیاتر بکات.
٥. خێراییەکەت کەم بکەرەوە، هێماکانی دیاریکردنی خێرایی بۆ بارودۆخی جیاجیا دانراون، کاتێک ئاستی بینین باشە و شەقامەکە قەرەباڵغ نییە مانای ئەوە نییە خێرا بڕۆیت چوونکە لەکاتی باران باریندا پێویستت بە ماوەیەکی زیاتر ئەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئۆتۆمبیلەکەت، بیرت بێت تا هێواش تر شۆفێری بکەیت سەلامەت تردەبیت و لەکاتی ڕووداوێکی نەخوازراودا زیانەکان کەمتر دەبن.
٦. پێویستە بەردەوام ئاگاداری ئۆتۆمبیلەکەت بیت کە هیچ کێشەیەکی مەرجەکانی توندوتۆڵی تیادا نەبێت، تا ئۆتۆمبیلەکەت بێ کێشەتر بێت ژیانت پارێزراوتر دەبێت .
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک
نوسینی / مقدەمی هاتووچۆ هەڤاڵ محمد امین