نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بابەت: داواکاری بۆ گونجاندنی هۆشیاریی مەترسییەکانی جگەرەکێشان لە مەنهەجی قۆناغی سەرەتاییدا 📝 احمد محمد صۆفی ڕێز و سڵاو… لەگەڵ ئاڕاستەکردنی ڕێز و پێزانینی بێپایانمان بۆ ئەو هەنگاوە نایاب و کارە بەپێزانانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ خزمەتکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی کەرتی پەروەردە لە هەرێمەکەماندا ئەنجامتان داوە وەک خەمخۆرێک بۆ داهاتووی نەوەکانمان ئەم نامەیەتان ئاڕاستە دەکەم بۆ خستنەڕووی دیاردەیەکی زەق کە ڕووبەڕووی خێزان و کۆمەڵگەکەمان بووەتەوە. لە ئێستادا بەداخەوە دەبینین ڕێژەیەکی بەرچاو لە منداڵان و قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی تووشی دیاردەی زیانبەخشی جگەرەکێشان بوون. ئەمەش هۆشدارییەکی مەترسیدارە، چونکە منداڵ لەو تەمەنەدا خێرا کاریگەریی ژینگەی دەوروبەری وەردەگرێت و تووشی ئاڵوودەبوون دەبێت. ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە لە مەنهەجی خوێندنی قۆناغی ناوەندیدا بابەتی تایبەت بە زیانەکانی جگەرەکێشان لە وانەی زانست و زیندەوەرزانیدا بوونی هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کاتێک منداڵ لە قۆناغی سەرەتاییەوە فێری ئەم دیاردەیە بوو، لە قۆناغی ناوەندیدا وازھێنان و تەرککردنی زۆر قورس دەبێت، چونکە ڕەفتارەکە بووەتە ئاڵوودەبوون و بەشێک لە نەریتی ڕۆژانەی. پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوە پێویستە بەر لە دەستپێکردن و ڕوودانی ئاڵوودەبوون بێت، نەک دوای ئەوە. لەسەر ئەم بنەمایە، بە پشتبەستن بە پەرۆشیتان بۆ چاکسازیی بەردەوام، داواکارین لە بەڕێزتان و لێژنە پسپۆڕەکانی دانانی مەنهەج: هێنانەخوارەوەی بابەتەکە بۆ قۆناغی سەرەتایی: بابەتی تایبەت بە زیانە تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی جگەرەکێشان بە زمانێکی سادە، وێنەی ڕوونکەرەوە و چیرۆکی ئامۆژگاریبەخش بخرێتە ناو مەنهەجی قۆناغی سەرەتایی (پۆلەکانی ٤ تا ٦ی بنەڕەتی). کەمپینی هۆشیاری لە قوتابخانەکاندا و ئەنجامدانی چالاکی و سێمیناری هۆشیاری لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی. بەدیهێنانی نەوەیەکی تەندروست و هۆشیار لە تەمەنی بچووکەوە دەست پێدەکات. بەو هیوایەی ئەم داواکارییەش بچێتە خانەی کارە خەمخۆرانەکانی بەڕێزتانەوە و هەنگاوی کرداریی بۆ بنرێت. لەگەڵ ڕێزی بێپایانمان…