قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بڕیارێکی نوێی دەرکرد و تێیدا بڵاوکردنەوەی هەر وێنە و ڤیدیۆیەکی کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە کرد.
بەپێی ناوەڕۆکی نوسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە ژمارە (١١٧١١) لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٩/٣، ئەم بڕیارە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی نایاسایی وێنە و ڤیدیۆی ئەم چینە کرێکارە دەرچووە بۆ مەبەستی بازرگانی، ڕیکلام، دروستکردنی ناوبانگ یان بەکارهێنانیان وەک ناوەڕۆک بۆ بەرنامەکانی سۆشیال میدیا بە بێ ڕەزامەندیی پێشوەختە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان، سەرەڕای ئەوەی لە وڵاتێکی دیکەوە هاتوون، خاوەنی هەمان مافە مرۆیی و کرێکارییەکانن و نابێت جیاوازیی نەتەوە، زمان یان جۆری کار ببێتە هۆی پێشێلکردنی کەرامەت و تایبەتمەندییان. هەروەها هاتووە کە پاراستنی مافی کرێکار تەنها بە پێدانی شایستە داراییەکان کۆتایی نایەت، بەڵکو پاراستنی شکۆمەندی و تایبەتمەندی کەسیان مافێکی بنەڕەتییە و نابێت لە دەرەوەی چوارچێوەی گرێبەستی کار ناچار بە هیچ کارێکی تر بکرێن.
لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هۆشداری دەدات کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو کەس و لاپەڕانە دەگرنە بەر کە سەرپێچی این بڕیارە دەکەن و ماف و کەرامەتی کرێکاران پێشێل دەکەن.
